زانکۆی سلێمانی دۆسیەی د.عەبدوللـەتیف ئەحمەد ئاڕاستەی داواکاری گشتیی دەکات
محەمەد رزگار
٥ی تەمووزی ٢٠٢٦
سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی دۆسییەی د. عەبدوللـەتیف ئەحمەدی ئاڕاستەی داواکاریی گشتیی کرد و داوای گرتنەبەری رێکاری یاسایی پێویست دەکات.
سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی، لە نووسراوێکی رەسمیدا کە ئاڕاستەی فەرمانگەی داواکاری گشتیی لە سلێمانی کردووە، داوای گرتنەبەری رێکاری یاسایی دەکات بەرانبەر (د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد مستەفا)، مامۆستا لە کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکان، ئەوەش دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان لەسەر دۆسیەی نامە دەنگییەکانی.
بەپێی نووسراوەکە، کە ئیمزای د. کۆسار محەمەد عەلی، سەرۆکی زانکۆی سلێمانی لەسەرە، لێکۆڵینەوەکان لەسەر بنەمای نووسراوی پێشووی داواکاری گشتی و لە رێگەی لیژنەیەکی هاوبەشەوە ئەنجامدراون بۆ گەیشتن بە ڕاستی و ناڕاستی ئەو نامە دەنگیانەی بڵاوبوونەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی راشیگەیاندووە، سەرجەم بەرایی و بەڵگەنامەکانی تایبەت بەم دۆسیەیەی هاوپێچ کردووە و رادەستی لیژنەی تۆمارکردنی داوای مافی گشتی لە داواکاری گشتی سلێمانی کردووە بۆ تەواوکردنی رێڕەوی یاسایی دۆسیەکە.



