لقی سلێمانی، سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند کە بەدواداچوونی چڕ و بەپەلە دەکەن بۆ زانینی چارەنووس و هۆکاری راستەقینەی دەستگیرکردنی رۆژنامەنووس "عەبدولڕەحمان خدر حەمەد".

نووسینگەی راپەڕینی سەندیکاکە ئاماژەی بەوە کردووە کە لەلایەن دەزگای میدیایی "ستاندارد"ەوە ئاگادارکراونەتەوە کە هاوکارەکەیان (عەبدولڕەحمان خدر) کە پەیامنێری پێشوو و ئەندامی ئێستای دەزگاکەیە، لە گەشتێکی ئاساییدا بۆ حاجی ئۆمەران و سنوری قەزای سۆران، لەلایەن ئاسایشی سۆرانەوە دەستگیرکراوە.

بەپێی روونکردنەوەکەی سەندیکا، ئەو رۆژنامەنووسە کە دانیشتووی گەڕەکی قەندیلی شارۆچکەی چوارقوڕنەیە، پێشتر یەکێک بووە لە بەشداربووانی خولی سەلامەتی پیشەیی سەندیکاکە کە بە هاوکاری لەگەڵ فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی رۆژنامەنووسان (IFJ) رێکخرابوو.

لە کۆتایی روونکردنەوەکەدا، نووسینگەی راپەڕینی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان جەختی کردووەتەوە کە بەوپەڕی پەرۆشی و بەرپرسیاریەتییەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵن بۆ سۆراخکردنی چارەنووسی ئەم هاوکارەیان، و بەردەوام دەبن لە هەوڵەکانیان تا گەیشتن بە ئەنجام و دڵنیابوونەوە لە سەلامەتی ناوبراو.