ئەمرۆ وەفدێكی باڵای هەرێم سەردانی بەغداد دەكات
شنیار
٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
بۆ تاوتوێكردنی پرسی موچە و داهاتی نانەوتی هەرێم و سستمی ئەسیكۆدا، ئەمرۆ وەفدێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغداد دەكات.
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، بریارە سەعات 7ـی ئێوارەی ئەمرۆ وەفدێكی باڵای حكومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئامانج رەحیم سكرێتری ئەنجومەنی وەزیران و ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران سەردانی بەغداد بكەن.
وتیشی، وەفدەكە لەگەڵ لێپرسراوانی بەغداد دوو پرسی سەرەكی باس دەكەن، یەكێكیان پەیوەستە بە پرسی داهاتی نانەوتی هەرێم كە تیایدا وەفدەكە بە لێپرسراوانی بەغداد دەڵێن هەرێم ئەم مانگە و چەند مانگی داهاتووش ناتوانێت 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی بداتە بەغداد و تەنها دەتوانێت نزیكەی 60 ملیار دینار رادەست بكات.
پرسی دوەمیش، سستمی ئەسیكۆدایە، لەمەشدا وەفدەكەی هەرێم دەیانەوێت لەگەڵ بەغداد خاڵە ناكۆكەكان لەبارەی ئەو سستمەوە تاوتوێ بكەن.
بەپێی زانیارییەكان، هۆكاری سەردانەكەی وەفدەكەی هەرێم لەم كاتەدا بەهۆی ئەوەیە كە بریارە لەم هەفتەیەدا بەغداد موچەی فەرمانبەرانی هەرێم خەرج بكات، ئەگەر هەرێم داهاتی نانەوتی نەنێرێت، ئەوا بەغداد هاوشێوەی مانگی رابردوو بڕی 120 ملیار دینار لە بری داهاتی نانەوتی لە موچەی فەرمانبەران دەبڕێت.


