لەسەروبەندی هەڵمەتەکانی روبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا لە عیراق، سەرچاوەیەکی باڵا ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند کە چەندین تۆمەتباری تێوەگلاو لە دۆسیەکانی گەندەڵیدا دەستگیرکراون، ئەمەش دوای ئەو دانپێدانانە وردانەی کە عەدنان جومەیلی، بریکاری وەزارەتی نەوت، لە کاتی لێکۆڵینەوەکاندا دانی پێدانابوون.

ئاژانسی هەواڵی عیراقی بڵاویکردوەتەوە، پرۆسەی دەستگیرکردنەکان تەنیا لێپرسراوانی ئیداری نەگرتووەتەوە، بەڵکو چەند ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانیشی گرتووەتەوە ،کە پێشتر پارێزبەندییان لێ سەندرابووەوە و ناوەکانیان لە دانپێدانانەکاندا هاتوە.

ئاژانسی هەواڵی عیراقی جەختی لەسەر پێداگریی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران کردەوە لەسەر ئەوەی کە بە هیچ شێوەیەک سڵ ناکاتەوە لە دەستگیرکردنی گەندەڵکاران و ئەو کەسانەی دەست بەسەر سامانی گشتیدا دەگرن.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە درەنگای شەوی رابردوەوە و تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئۆپراسیۆنێکی ئەمنی چڕ بۆ دەستگیرکردنی لێپرسراوان وکەسایەتییە دەستڕۆشتوەکانی بەغداد دەستیپێکردوە، بە تۆمەتی گەندەڵی، میدیاکانی عیراق دەڵێن؛ ئۆپراسیۆنەکە بە فەرمانی رەسمی سەرۆک وەزیرانی عیراقە.