سەرەڕای بونی ئاگربەست، ئەمریکا  و ئێران بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر یەکتری و سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکەی هێرشیان کردووەتە سەر کۆگاكانی موشەک، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و وێستگەکانی ڕاداری کەناراوەکانی ئێران، لای خۆشیوە سوپای پاسداران وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکای داوەتەوە.

دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، لە رێگەی پۆستێکەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس سۆشیاڵ" رایگەیاندوە، بۆیە هێڕشیان کردوەتە سەر پێگەکانی ئێران، چونکە دەرسیان وەرنەگرتووە و هۆشداری دا کە رەنگە کاتێک بێت بێدەنگی بشکێنن و ناچار بن ئەو ئەرکە سەربازییەی دەستیان پێکردووە بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێ بهێنن.

لە دوای هێرشەکانی ئەمریکا، سوپای پاسدارانی ئێرانیش رایگەیاند،  لە رێگەی ئۆپراسیۆنێکی هاوبەشی موشەکی و درۆنەوە، هەشت پێگەی گرنگی سوپای ئەمریکای لە بنکەی "عەلی ئەلسالم" لە کوێت و "سەربازگەی پێنجەم" لە بەندەری سەلمانی بەحرەین کردووەتە ئامانج.

 بەپێی راگەیەندراوی پاسداران، ئەم هێرشە وەک وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ ئەو پەلامارەی، کە لایەنی بەرانبەر کردویەتییە سەر پێنج ناوچەی کەناراوەکانی ئێران و بە پێشێلکردنی رێککەوتنی ئاگربەست ناوی بردوە.