وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی: تەرمی ئەو ژنەی لە کونەماسی خنکا دۆزرایەوە
ساکۆ سمکۆ
٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٦
سارا مەولود ناوی ئەو ژنەی شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە ئاوی کونەماسیدا خنکا و تیمەکانی بەرگری شارستانی و غەواسی دوکان توانیان تەرمەکەی بدۆزنەوە.
ئەندامێکی تیمی غەواسی دوکانیش لەبارەی روداوەکەوە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، سارا مەولود زانیویەتی مەلە بکات و لە کاتی رزگارکردنی کەسێکی دیکەدا، توانیویەتی کەسەکە بەسەرکەوتوویی رزگار بکات بەڵام خۆی نەیتوانیوە بگەڕێتەوە دەرەوەی ئاوەکە و خنکاوە.
ئارام عەلی وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی رایگەیاند، تیمەکانیان و تیمی غەواسی دوکان دوای بیستنی هەواڵەکە گەشتنە شوێنی روداوەکە و دوای کەمێک گەڕان، تەرمی ژنەکەیان دۆزیوەتەوە کە خۆی سەرئاو کەوتبوو.


