عەلی زەیدی رێنمایی دەركرد بۆ پەلەكردن لە لێكۆڵینەوەكانی هێرشەكەی شەوی شەممەی رابردووی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە چەمچەماڵ، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش بە نیازە لیژنەیەك بۆ لێكۆڵینەوە لەو هێرشە پێكبهێنێت.

سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق رایگەیاند، عەلی زەیدی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق ئاگاداری دوایین بەرەوپێشچوونەكانە لە لێكۆڵینەوەكانی هێرشەكەی شەوی شەممەی رابردووی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر، رێنمایشی دەركردووە پەلەبكرێت لە تەواوكردنی لێكۆڵینەوەكان و ئامادەكردنی راپۆڕتی كۆتایی لەسەر هێرشەكە.

ئەوەشی خستەڕو، عەلی زەیدی پێداگرە لەسەر گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی پێویست بەرامبەر لایەنی پشت ئەو هێرشە و رێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی.

هاوكات، چەند سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ كەناڵی " ئەلعەرەبیە"ـی ئاشكراكردووە، ئەنجومەنی نوێنەران بە نیازە لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكبهێنێت بۆ بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لە سێ دۆسێ، ئەوانیش هێرشەكانی سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر، بەقاچاخبردنی نەوت لە جورفل سەخڕ و هەرێمی كوردستان.