وەزارەتی کشتوکاڵی عیراق چەند رێکارێک بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون رادەگەیەنێت
سەوسەن سەید
١٢ی ئایاری ٢٠٢٦
وەزارەتی کشتوکاڵی عیراق، ئەمڕۆ سێشەممە، رایگەیاند، کە هاوکات لەگەڵ نزیکبوونەوەی جەژنی قوربانی پیرۆز، زنجیرەیەک رێکاری تەندروستی و ڤێتێرنەریی پێشوەختەیان گرتووەتەبەر بۆ رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی "تای خوێنبەربوون".
بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتەکە، محەمەد عەزیز مەیحی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی ڤێتێرنەری، سەرپەرشتی کۆبوونەوەی لێژنەی ناوەندیی بۆ کۆنترۆڵکردنی تای خوێنبەربوون کردووە و تێیدا چەند بڕیارێکی گرنگ دراون، لەوانە: داوا لە پارێزگارەکان کراوە لێژنەکانی چاودێری و پشکنین کارا بکەن بە بەشداری تەندروستی، ژینگە، ئاسایشی نەتەوەیی و ناوخۆ بۆ رێگری لە سەربڕینی ئاژەڵ لە شوێنە گشتییەکان، هەروەها قەدەغەکردنی گواستنەوەی ئاژەڵ لەو ناوچانەی نەخۆشییەکەی تێدا بڵاوبووەتەوە، مەگەر بڕوانامەی تەندروستی ڤێتێرنەرییان هەبێت کە بسەلمێنێت ئاژەڵەکە بێبەرییە لە "گەنە". و چڕکردنەوەی هەڵمەتەکانی هۆشیاری و دابەشکردنی نامیلکە و پۆستەر بۆ ئاشناکردنی ئاژەڵداران و هاووڵاتیان بە مەترسییەکانی ئەم نەخۆشییە و ڕێگاکانی خۆپاراستن لێی.
ئەم رێکارانە ئامانجیان پاراستنی تەندروستی گشتی و دڵنیابوونەوەیە لە سەلامەتی قوربانییەکان لە ماوەی رۆژانی جەژندا.



