لە وڵاتێکدا کە جوگرافیاکەی هێندەی کلتوورەکەی فرەچەشن و فراوانە، سوودان تابلۆیەکی دەوڵەمەند لە دابونەریت پێشکەش دەکات.

لەکاتێکدا هۆزەکانی رۆژهەڵات مەیلیان بۆ قاوەیە، هۆزەکانی رۆژئاوا رێگەیەکی جیاواز دەگرنە بەر، لای ئەوان چا تەنها خواردنەوەیەکی رۆژانە نییە، بەڵکو دەروازەیەکە بۆ جیهانێکی پڕ لە رێوڕەسم و سیمبول، کە رەگەکەی دەگەڕێتەوە بۆ پاشایەتییە کۆنەکانی سوودان.

زیاتر لە دانیشتنێک... سیستەمێکی تەواو بۆ "دەوڵەتی چای بچووککراوە"
لێرەدا باس لە دیدارێکی ئاسایی ناکرێت، بەڵکو باس لە "ئەنجومەنی بەرامکە" (مجلس البرامكة) دەکرێت؛ قەوارەیەکی کۆمەڵایەتی تەواو یان "دەوڵەتێکی چای بچووککراوە". ناوی "بەرمەکی" لە کەسی بەخشندەوە هاتووە، بەڵام بەخشندەیی لێرەدا بەوە ناپێورێت چی لەناو پیاڵەکەدایە، بەڵکو بەو پەیوەندی و پێگە و هەژموونە دەپێورێت کە لە دەوری پیاڵەکە دروست دەبێت.

 لە رۆژئاوای سوودان، "بەرامکە" وەک چینێکی خاوەن زەوقی بەرز دەبینرێن کە نێوان شەهامەت، جوانی، و خولیایەکی زۆر بۆ چا کۆدەکەنەوە.

توێژەرانی مێژوو دەڵێن ئەم ئەنجومەنانە نموونەی وردکاری و دیسپلین و رەفتاری جوانن، کاریگەریی ئەم دانیشتنانە تەنها لەناو بازنەی چا خواردنەوەدا نامێنێتەوە، بەڵکو سیمای کۆمەڵگە دادەڕێژێت.

رەگی ناوەکەش دەگەڕێتەوە بۆ "بەرمەک" (کاهینی ئاگردان لە فارس)، پێش ئەوەی لە سەردەمی عەباسیدا ببێتە سیمبولی دەوڵەمەندی و مەجلیسی شیعر و مۆسیقا لە چیرۆکەکانی هەزار و یەک شەودا.

کاتێک چا گۆرانی دەڵێت
لە ناو "بەرامکە"دا، چا بە بێدەنگی ناخورێتەوە، دانیشتنەکان پڕن لە شیعر و سروودی تایبەت کە بە "شەحر" دەناسرێن.

شاعیران گەشتی چایان لە میسرەوە بۆ رۆژئاوای سوودان بە زمانێکی سادە و جوان وێنا کردووە، لە فەرهەنگی ئەواندا زاراوەی زۆر هەن، وەک (چای مودەنکەل) ئەو چایەی بەوپەڕی وردکارییەوە ئامادە کراوە، و(قەریاف) ئەو شەیدایی و ئارەزووە توندەی بۆ چا یان قاوە هەیە.

پێکهاتەیەک هاوشێوەی دامەزراوە
لە پشت ئەم دیمەنە ئاهەنگگێڕانەوە، رێکخستنێکی ورد هەیە کە هاوشێوەی دامەزراوەیەکی دەوڵەتییە، پۆستی وەک (ئەفسەر، پشکێنەر، شێخ، سکرتێری) تێدایە. تەنانەت "دادگایەکی" تایبەتیشیان هەیە بۆ سزادانی ئەو کەسانەی یاساکانی دانیشتنەکە دەشکێنن، سزاکانیش لە ئاگادارکردنەوەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە سزای هێمایی کۆمەڵایەتی.

 ژنانیش پێگەی خۆیان هەیە لە رێگەی "وەکیلی دادگا" و "شاژن" کە هەمان دەسەڵاتی پیاوەکانیان هەیە.

یاسا توندەکان بۆ وردەکارییەکان
هەموو وردەکارییەک گرنگی خۆی هەیە؛ شێوازی گرتنی پیاڵەکە، کاتی قسەکردن، و شوێنی پیاڵەکە هەمووی یاسای هەیە. بۆ نموونە نابێت پیاڵەکە لەسەر زەوی دابنرێت ،نابێت بە بێ کڵاو یان سەرپۆش چا بخورێتەوە هەروەها قسەکردن بێ مۆڵەت و جگەرەکێشان لە ناو ئەنجومەن قەدەغەیە. و"بەرمەکی" دەبێت لە دەرەوەی ئەنجومەنیش نموونەی بەخشندەیی و رەوشت بێت.

دژەبەری تەواو
سەختترین شت کە ئەندامێک رووبەڕووی ببێتەوە ئەوەیە نازناوی "کەمەلەکی" لێ بنرێت؛ واتە کەسێک کە بێ زەوقە، رەزیلە و نەریتی چا خواردنەوە نازانێت.

 ئەم جۆرە کەسانە سزای کۆمەڵایەتی توندیان دەدرێت، تەنانەت هەندێک جار هاوسەرەکانیان ئاگادار دەکرێنەوە و دەرگای ماڵیان لێ دادەخرێت.

نۆستالژیای عەباسی بە تامی ئەفریقی
ئەم نەریتە یادەوەرییەکی مێژووییە بۆ شکۆمەندی بنەماڵەی بەرمەکییەکان لە سەردەمی هارون رەشیددا، کە ناوەکەیان ببووە هاواتای بەخشندەیی، سوودانییەکان ئەم ناوەیان وەرگرتووە و لە ناو چوارچێوەی کلتووری خۆیاندا دایانڕشتووەتەوە.

ئەم ئەزموونە دەری دەخات کە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان هەمیشە لە دروشمە گەورەکانەوە دروست نابن، بەڵکو رەنگە لە وردەکارییەکی سادەی رۆژانەوە لەدایک ببن... وەک پیاڵەیەک چا.

لە "بەرامکە"دا تەنها چا ناخورێتەوە، بەڵکو شوناسێک بنیاد دەنرێت و سیستەمێک دادەڕێژرێت و یادەوەرییەکان بە رەنگ و بۆیەکی تەواو سوودانییەوە زیندوو دەکرێنەوە.