نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عیراق، لە 12هەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکاندا رایدەگەیەنێت، دۆسیەی ئێزدییەکان لە پێشەنگی کارەکانی سەرۆکایەتی کۆماردایە و شایستەیەکی نیشتمانی و ئەخلاقییە، جەختیشیکردەوە کە دادپەروەری تەواو نابێت تاوەکو کۆتایی بە مەینەتییەکانیان نەهێنرێت و تەواوی مافەکانیان و ئاوەدانکردنەوەی شەنگال دابین نەکرێت.

نزار ئامێدی سەرۆک کۆماری عیراق رایگەیاند، لە 12یەمین ساڵیادی جینۆسایدی ئێزدییەکاندا، رووبەڕووی یەکێک لە دڕندەترین تاوانەکان دەبینەوە کە عیراق لە مێژووی هاوچەرخی خۆیدا بەخۆیەوە بینیویەتی؛ ئامانجی تیرۆریستانی داعش تەنها کوشتنی بێتاوانان نەبوو، بەڵکو هەوڵدان بوو بۆ سڕینەوەی بوونی ئێزدییەکان و هەڵکێشانی رەگ و ریشەیان لەسەر خاکی خۆیان لەڕێگەی کوشتن، ئاوارەکردنیان و وێرانکارییەوە، کە وەک پەڵەیەکی شەرمەزاری لە ویژدانی مرۆڤایەتیدا دەمێنێتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەڵام خوشک و برا ئێزدییەکانمان سەلماندیان کە ئیرادەی ژیان لە تیرۆر بەهێزترە، سەرەڕای ئازارەکان خۆڕاگر بوون و دەستیان بە خاک، ناسنامە و مافی ژیانی شەرەفمەندانەی خۆیانەوە گرت.

نزار ئامێدی ئەوەشی خستەڕوو، لەو کاتەوەی شەرەفی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی سەرۆکایەتی کۆمارمان پێسپێردراوە، ئەم دۆسیەیامان لە پێشەنگی کارە لەپێشینەکانماندا داناوە؛ چونکە باوەڕمان وایە دادپەروەری بۆ ئێزدییەکان تەنها پەیوەست نییە بە پێکهاتەیەکی دیاریکراوەوە، بەڵکو شایستەیەکی نیشتمانی و ئەخلاقییە کە دەستکاری کەرامەتی تەواوی عیراق دەکات، و ئەوەی ئەم دۆسیەیە ئەمڕۆ پێویستییەتی، بڕیاری بوێرانە و هەنگاوی کردەیییە بۆ کۆتاییهێنان بە مەینەتییەک کە زیاتر لە دەیەیەکە بەردەوامە.

راشیگەیاند، گەڕانەوەی تەواوی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانیان، ئاشکراکردنی چارەنووسی رفێندراو و بێسەروشوێنکراوان، ئاوەدانکردنەوەی شەنگال و سەرجەم ناوچە زیانلێکەوتووەکان، قەرەبووکردنەوەی قوربانییان و دابینکردنی ژیانێکی ئارام و شایستە بۆیان، دەبێت ببنه ئامانجی جێبەجێکراو؛ چونکە بەردەوامبوونی لێکەوتەکانی ئەم کارەساتە دوای زیاتر لە دەیەیەک باری قبوڵکردن نییە و دادپەروەری تەواو نابێت تاوەکو ئێزدییەکان تەواوی مافەکانی خۆیان وەرنەگرنەوە.