چاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆ حكومەتی هەرێم داهاتی ناوخۆی مانگی پێنج رادەستی عیراق بكات
٢٠ی تەمووزی ٢٠٢٥
بڕیارە ئەمڕۆ حكومەتی هەرێم داهاتی ناوخۆی مانگی ئایار رادەستی حكومەتی عیراق دەكات، بریاریشە رۆژی دووشەممە وەزارەتی عیراق پارەی مووچەی مانگی هەمان مانگ رەوانەی هەرێم بكات.
بەپێی زانیارییەكانی پەیامنێری كوردسات نیوز لە بەغداد، چاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆ یەكشەممە وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بڕی ١٢٠ ملیار دینار وەكو داهاتی ناوخۆ بۆ مانگی پێنج، رادەستی حكومەتی فیدڕاڵ بكات.
سەرچاوەیەكیش لە وەزارەتی دارایی عیراق بە كوردسات نیوزی راگەیاند، لە دوای گەیشتنی بڕی داهاتی ناوخۆی مانگی پێنج، چاوەڕوان دەكرێت رۆژی دووشەممە وەزارەتی دارایی عیراق، تەمویلی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بكات و پارەی موچەی مانگی پێنجی فەرمانبەران رەوانە بكات.