روانگەی سوری: لە سەرەتای توندوتیژییەکانی سوەیداوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 600 کەس کوژراون
هەساو ئەمیر
١٨ی تەمووزی ٢٠٢٥
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، لە سەرەتای توندوتیژییەکانی شاری سوەیداوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 600 کەس کوژراون، کە بەشێکی زۆریان ژن و منداڵن.
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، لە سەرەتای سەرهەڵدانی توندوتیژییەکان پارێزگای سوەیدا لە 13ی ئەم مانگەوە تاوەکو 16ی تەممووز، کە گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان هۆزەکانی سوریا و گروپە چەکدارییە ناوخۆییەکان و هێزە ئەمنییەکاندا رویداوە، 597 کەس کوژراون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی گرژی و پێکدادانەکانەوە بە دەیان هاووڵاتی مەدەنیش کوژراون کە ژن و منداڵیان تێدایە.
بەپێی ئاماری روانگەی سوری لەو ژمارەیەی کوژراون:
-71یان هاووڵاتی مەدەنی سوەیدان؛ کە چواریان منداڵ و چواری دیکەیان ژنن.
-275 کەسیان سەر بە هێزەکانی وەزارەتی بەرگریی و ئاسایشی گشتیی سوریان.
-15یان سەر بە هێزەکانی ناوخۆن.
-سێ کەسی دیکەیان ناسنامەکانیان نەناسراوەتەوە.
-یەک راگەیەندکار.
-83 هاووڵاتی مەدەنی دیکە بە ئاشکرا تەقەیان لێکراوە لەلایەن هێزەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی و ناوخۆ، کە ژن و بەساڵاچوو لەنێوانیاندا بووە.
-هەروەها سێ کەسی دیکە کە دوانیان ژن و منداڵن، لە چەکدارانی سەر بە هۆزەکان.
پارێزگای سوەیدا لە 13ـی تەممووزەوە، بەهۆی پێکدادانی نێوان گروپە چەکدارە ناوخۆییەکان و هۆزە بەدەوییەکانی لایەنگری حکومەتی سوریا گرژیی و ئاڵۆزیی بەخۆیەوە بینیوە و سەدان کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە.
ئەگەرچی لە رۆژی 16ی مانگدا و دوای هێرشەکانی ئیسرائیل؛ وەزارەتی ناوخۆی سوریا رێککەوتنێکی 14 خاڵی بۆ ئاگربەست راگەیاندبوو، یەکێک لە سێ سەرکردە دیارەکەی دروزییەکان پشتیوانی لە رێککەوتنەکە کرد، بەڵام شێخ حیکمەت هجیری، داوای "بەردەوامیی بەرگریی رەوا و بەردەوامیی شەڕی" کرد.
رۆژی چوارشەممە، ئیسرائیل لەیەک کاتدا کۆشکی کۆماریی سوریا و پێگەی وەزارەتی بەرگریی و چەند شوێنێکی دیکەی لە سوریا کردە ئامانج و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیش لەبارەی هێرشەکانەوە رایگەیاند، موەفەق تەریف، سەرۆکی رۆحیی تائیفەی موەحیدینی دروزی لە ئیسرائیل داوای لە تەلئەبیب کردووە کە هاوکاریی دروزەکانی سوریا بکات.
ئاماژەی بەوەشکردبوو، "لە ئەنجامی ئەم چالاکییە چڕانەدا، ئاگربەست راگەیەنرا و هێزەکانی سوریا کشانەوە بۆ دیمەشق".