وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، لەگەڵ لایەنە ناكۆكەكانی سوریا رێككەوتوون لەسەر چەند هەنگاوێك بۆ كۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەكانی سوەیدا و ئەمرۆش ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەبارەی سوریاوە كۆدەبێتەوە. 

ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاندووە، پێشكەوتنێكی باش هەیە لە چارەسەركردنی ئالۆزییەكان لە باشوری سوریا و لەگەڵ هەموو ئەو لایەنانەی بەشدارن لەشەرو پێكدادانەكاندا پەیوەندییدان كردوە و رێككەوتون لەسەر چەند هەنگاوێك بۆ كۆتاییهێنان بەو رەوشە مەترسیدارە، داواشیكرد هەموو لایەنەكان پابەند بەو بەڵێنانەی داویانە . 

لەلایەكی تریشەوە ئەمرۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە بۆردومانەكانی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا كۆدەبێتەوە  ، ئەوەش دوای ئەوەی حكومەتی دیمەشق داوای كرد كۆبونەوەیەكی بەپەلەی ئەنجومەنەكە رێكبخرێت و هێرشەكانی ئیسرائیل ئیدانە بكرێت و هێزەكانی ناچار بكرێن لە سوریا بكشێنەوە .