سەرۆكی سوریا ئیسرائیل تۆمەتبار دەكات بەنانەوەی ئاشوب لە ناوخۆی سوریادا، دەشڵێت دروزەكان بەشێكن لە هاوڵاتیانی وڵاتەكەیان، پاراستنیشیان لە پێشینەی كارەكانیانە.

لە یەكەم لێدوانیدا لە دوای رووداوەكانی ئەم دواییەی وڵاتەكەی، ئەحمەد شەرع، سەرۆكی سوریا، لە وتارێكدا كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێشكەشی كرد، ئیسرائیلی تۆمەتبار كرد بە دروستكردنی ئاشوب لە ناوخۆی سوریادا، ئاماژەی بەوەشكرد، ئەو ئاشوبە بۆتە هۆی ئەوەی رەوشی پارێزگاری سوەیدا بەرەو ئالۆزی بڕوات.

شەرع راشیگەیاند، ئەوان  هەر هەوڵێك رەتدەكەنەوە كە ئامانج لێی دروستكردنی دووبەرەكی بێت لە ناو ریزەكانیاندا، بۆیە بڕیاریاریانداوە هێزە ناوخۆییەكان و پیاوانی ئایینی دروز بەرپرسیارێتی پاراستنی ئاسایش لە سوەیدا بگرنە ئەستۆ.

سەرۆك كۆماری سووریا وتیشی، ئێستا لەبەردەم دوو بژاردەدان، یان رووبەڕووی ئیسرائیل ببنەوە، یان چاكسازی لە بەرەی ناوخۆیاندا بكەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوان لە شەڕ ناترسن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەرژەوەندی سورییەكان لە پێشترە و نایانەوێت وڵاتەكە بەرەو شەڕێكی دیكەی ناوخۆی بەرنەوە.

وتیشی، لێپرسینەوە لەو كەسانە دەكەن كە سەرپێچییان لە دژی گەلی دروزەكانان كردووە و سوكایەتییان پێكردوون، نێوەندگیریی ئەمریكا، عەرەبی و توركیا نەبوایە ناوچەكە بەرەوە چارەنووسێكی نادیار دەرۆیشت.