لە مانگی هەشتدا كارتی ئەلیكترۆنی خۆراك لە كەركوك و 9 پارێزگای تر دابەشدەكرێت
١٣ی تەمووزی ٢٠٢٥
وەزارەتی بازرگانی عیراق رایگەیاند، ئامادەكاری كراوە لە مانگی هەشتی ئەمساڵدا كارتی ئەلیكترۆنی كۆبونی خۆراك لە كەركوك و نۆ پارێزگای تر دابەش بكرێت.
تالب حسێن نیعمە بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی پلاندانان لە وەزارەتی بازرگانی عیراق رایگەیاند، لە مانگی هەشت دەستدەكرێت بە دابەشكردنی كارتی ئەلیكترۆنی كۆبۆنی خۆراك لە 10 پارێزگا لە نێوانیاندا پارێزگای كەركوك.
دەشڵێت، تائێستا لە كۆی 42 ملیۆن كەس كە ناویان لە كۆبونی خۆراك تۆمار كراوە زیاتر لە 34 ملیۆن كەس كارتی ئەلیكترۆنیان پڕكردوەتەوە.
وتیشی، پرۆسەی خۆتۆماركردن و نوێكردنەوەی زانیاری كۆبونی خۆراك بەشێوەی ئەلیكترۆنی بەردەوامە و یەك ملیۆن و 880 هەزار كەسیش ناوەكانیان سڕاوەتەوە بەهۆی ناوی دوبارە و مردن و گەشتی دەرەوەی وڵات.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لە پارێزگای كەربەلا سەرجەم هاووڵاتیان كارتی ئەلیكترۆنییان پڕكردووەتەوە.