د. لەتیف رەشید: پێویستە هەردوو دەسەڵاتی دادوەری بۆ باسكردنی كێشەكانیان كۆببنەوە
٢٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٥
سەرۆك كۆماری عیراق داوای كۆبوونەوەی هەردوو دەسەڵاتی دادوەری دەكات بۆ باسكردن لە كێشەكانی نێوانیان و چارەسەركردنی.
د. لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە، بە پشت بەستن بە ماددەی 87 دەستوری عیراق، كە سەرۆك كۆماری وەك پارێزەری دەستور لە وڵاتدا ناساندوە، سەرۆك كۆمار ، نارەزایی خۆی دەربڕیوە لە بەرامبەر دەستێوەردانەكانی ئیدارەی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە كاروباری دەسەڵاتی دادوەری عیراق و بە پێشێلكاری دەسەڵاتی دادوەری وەسفی كردوە.
سەرۆك كۆمار لە راگەیەنراوەكەیدا پێشنیازی كردوە دادگای باڵای فیدراڵی عیراق و دادگای پێداچونەوەی فیدراڵی بە ئامادەبوونی كەسانی شارەزا لە دەستور و یاسا كۆببنەوە بۆ باسكردن لە كێشەكانی نێوانیان تاوەكو عیراق نەكەوێتە بۆشایی یاسایی.
ئەم هوڵوێستەی سەرۆك كۆمار لە كاتێكدایە ، كە رۆژی پێنج شەممەی رابردوو، نۆ دادوەری دادگای باڵای فیدراڵی كە باڵاترین دەسەڵاتی دادوەرییە لە عیراقدا نامەی دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەشكرد، وەكو ناڕەزاییەك دژی فشاری حكومەت و ئیدارەی بەڕێوەبەردنی دەوڵەت بۆ سەر دادگاكە سەبارەت بە دۆسیەی خور عەبدوڵا.