پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، تۆمەتبارێکیان بەتۆمەتی دزینی پارە لە خاوەنکارەکەی دەستگیر کردووە، کە بەپێی وتەی سکاڵاکارەکە 360 هەزار دۆلاری لێدزیوە.

پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاندووە، کە لە ناوبازاڕ بە تۆمەتی دزینی 360 هەزار دۆلار لە خاوەنی کارەکە دەستگیرکراوە. بەپێی راگەیەنراوەکە، لەکاتی دەستگیرکردنیدا، دەستگیراوە بەسەر ئۆتۆمبێلێک و بڕێک لەو پارەیەی کە تۆمەتبار دزیبووی.

پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی ئاشکرا کردووە، بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، تۆمەتبار لای سكاڵاكار وەك كارمەند كاری كردووە، لە ئێستادا دانی بەوەدا ناوە كە لەماوەی دوو ساڵدا بڕی ٩٠ هەزار دۆلاری لەخاوەنکارەکەی دزیوە.

تۆمەتبارەکە لەدایکبووی ساڵی 1997ـە و لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەری تایبەتمەند و بەپێی ماددەی ٤٤٤ لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراوە.