پۆلیسی سلێمانی دەستگیركردنی دوو تۆمەتباری راگەیاند كە یەکێکیان موەلیدەی کارەبا و ئەوەی تریان كێبڵی كارەبایی دزیوە.

پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی هاوڵاتییەك سكاڵای تۆماركرد كە مووەلیدەی كارەبایی لێدزراوە، مەفرەزەكانی نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی كوردسات لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد و دوای وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو دەستگیربكرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا تۆمەتبار " ‎ع ، ر ، م" لەدایكبووی ١٩٧٦ دانی بەتاوانەكەیدا ناوەو بەبڕیاری بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی ٤٤٦ لەیاسای سزادانی عیراقی  ڕاگیراوە.

پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاند، لەچالاكییەكی تردا و لەلایەن نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی كوردسات و بەهاوكاری نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی ڕۆژئاواو لەسەر سكاڵای چەند هاوڵاتییەك، تۆمەتبارێك دەستگیركرا كە كێبڵی كارەبایی دزیبوو.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، تۆمەتبار (م، س، خ) لەدایكبووی ١٩٩٢ دانی بەتاوانەكەیدا ناوەو بەبڕیاری بەڕێز دادوەری لێكۆڵینەوەو بەپێی ماددەی ٤٤٦ لەیاسای سزادانی عیراقی  ڕاگیراوە.