مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئاشکرای کرد کە واشنتۆن "فەرمانگەی ئیبراهیمی"ی دامەزراندووە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو وڵاتە عەرەبیانەی ئامادەن پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بکەنەوە، هەروەها جەختی کردەوە کە سعودیە ئامادەیی خۆی بۆ ئەم هەنگاوە پیشان داوە.

لە لێدوانێکدا لە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، روبیۆ رایگەیاند: "سعودیە ئامادەیی پیشانداوە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، بەڵام هەندێک رێگری هەن، بۆنموونە 7ـی ئۆکتۆبەر و جەنگی غەززە، هاوکات ئیسرائیلیش ئامادەیە بۆ رێککەوتن لەگەڵیان."

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە فەرمانگەکەیان چالاکانە کاردەکات بۆ دەستنیشانکردنی ئەو وڵاتانەی دەیانەوێت بێنە ناو رێککەوتنی ئیبراهیمییەوە، کە لە ئێستادا چەندین وڵاتی عەرەبی لەوانە ئیمارات، بەحرەین، مەغریب و سودان لەخۆ دەگرێت.

رۆبیۆ هەروەها بەڵێنی دا: "بە دڵنیاییەوە پێش کۆتایی ئەمساڵ هەواڵی خۆشمان دەبێت، سەبارەت بە ژمارەیەک وڵاتی دیکەش کە ئامادەن بەشدار ببن".

ئەمە لە کاتێکدایە کە دوای جەنگی غەززە، پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی عەرەبی و ئیسرائیل تووشی ئاڵۆزی بووە، بەڵام ئەمریکا هەوڵ دەدات لە پڕۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان بەردەوام بێت و وڵاتانی دیکەش هان بدات پەیوەست ببن بە رێککەوتنی ئیبراهیمییەوە.