بافڵ جەلال تاڵەبانی: پەیوەندییەکانمان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەهێزە و هیچ حزبێک وەکو ئێمە نییە
رەوەز
٢٣ی نیسانی ٢٠٢٥
لە دووهەمین دیداری یەکێتیدا و لە چاوپێکەتنێکدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هەڵبژاردنی داهاتوو هەڵبژاردنی یەکێتییە و لە بەغداد هەرچی دەیانەوێت جێبەجێ دەکرێت.
سەرۆکی یەکێتی لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لە دووهەمین دیداری یەکێتی رایگەیاند: "هەڵبژاردنی داهاتوو تەنها بۆ ئەوەیە دیاری بکات کێ دەتوانێت لە عێراق و لەسەر ئاستی وڵاتانی نێودەوڵەتی خزمەتی زیاتری میللەتی کورد بکات".
پرەنسیپی نوێی حیزب و سەرکەوتنی هەڵبژاردنەکان:
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد کە یەکێتی ئێستا بە پرەنسیپێکی نوێ کاردەکات و ئەمەش بووەتە هۆی بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکاندا.
لە قسەکانیدا وتی: "حیزبەکەمان توانیویەتی بۆ یەکەمجار لە مێژووی هەڵبژاردنەکانی عیراقدا، لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عیراق دەنگی یەکەم لەسەر ئاستی لایەنە کوردستانییەکان بەدەستبهێنێت، ئەمەش دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ یەکێتی و هەموو ئەندامانی".
پەیوەندییەکانی یەکێتی و پارتی:
سەرۆکی یەکێتی لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتی و پارتی رایگەیاند: "یەکێتی، ئێستاش هێندەی کاتی هەڵبژاردن توندە بەرامبەر پارتی، بەڵام ئەوەی ئێستا لە نێوان هەردوو لا لە ئارادایە تەنها گفتوگۆیە بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە حکومەتی هەمووان بێت."
سەرۆکی یەکێتی دووپاتی کردەوە: "گفتوگۆکانی ئێستای نێوانمان لەسەر پرەنسیپی حوکمڕانییە، بەڵام ئەگەر حکومەت بەو شێوازە نەبوو کە دەمانەوێت، ئەوا هەڵبژاردەکانی بەردەممان کراوەن و هەر پۆستێک وەربگرین بێ تەواوکردنی ئەم پرەنسیپانە، هیچ سوودێکی نابێت."
پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی یەکێتی:
بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی حیزبەکەی بە "بێوێنە" وەسفکرد و رایگەیاند: "لە نێوان دیداری یەکەم و دووەم پێنج جار بۆ گفتوگۆ و دیداری سیاسی سەردانی ئەمریکامان کردووە، هەروەها لە 29ـی ئەم مانگەش جارێکی دیکە لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا کۆدەبینەوە."
سەرۆکی یەکێتی بە شانازییەوە رایگەیاند: "لە دنیادا هیچ حیزبێک وەکو یەکێتی نییە کە لەیەک کاتدا پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکییەکان، ئێران، رووسیا، چین، وڵاتانی ئەوروپا و بەریتانیا هەبێت."
هەڵسەنگاندنی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە:
بافڵ تاڵەبانی لەبارەی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، بەتایبەت پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، رایگەیاندووە: "ئێمە خوێندنەوەی وردمان بۆ گۆڕانکارییەکان کردووە و پێمان وایە گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران هەلێکی گونجاوە بۆ میللەتی کورد و پێویست ناکات لێی قەلەق بین."
سەرۆکی یەکێتی داوای لە سەرجەم حیزبەکان کرد یەکدەنگ بن تاکو "دۆزی کورد بگەیەنن بە قۆناغێکی باشتر".
دەرگای حیزب کراوەیە بۆ ئەندامە ناڕازییەکان:
لە کۆتاییدا، سەرۆکی یەکێتی لەبارەی ئەو ئەندام و کادیرانەی ئێستا لە حیزبەکە نەماون، رایگەیاند: "ئاساییە هەرکەسێک نیگەران بێت و قسەشمان پێ بڵێت، بەڵام ئێمە دەرگای حیزبەکەمان دانەخستووە. رەنگە رۆژێک بۆچوونەکانیان بگۆڕێت و بەرپرسیارێتی ئێمەیە سوپاسیان بکەین کاتێک دەیانەوێت دووبارە لەگەڵ هەڤاڵەکانیان خزمەتی حیزب و هاووڵاتیان بکەن."
سەرۆکی یەکێتی دواجار جەختی کردەوە کە جیاوازی ئەوان وەک یەکێتی لەگەڵ پارت و حیزبەکانی دیکە ئەوەیە کە رێگە دەدەن جیاوازی بیروبۆچوون هەبێت.