وەزیری دەرەوەی روسیا: شوێنی هەموو بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەزانین، بەڵام ئەو زانیاریانەمان نەداوە بە ئێران
بڵند
٢٦ی ئازاری ٢٠٢٦
وەزیری دەەروەی روسیا بۆ یەکەمجار، بە ئاشکرا پاڵپشتی وڵاتەکەی لە روی کەرەستەی سەربازیەوە بۆ ئێران ئاشکرا دەکات و رەخنەش لە سیاسەتی واشنتۆن دەگرێت، لەبری گفتوگۆ رێگەی سەربازیان هەڵبژاردوە.
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی روسیا،رایگەیاند، کە وڵاتەکەی هیچ زانیارییەکی هەواڵگری نادات بە ئێران، سەرەڕای ئەوەی تەواوی شوێنی بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دەزانن، جەختیشیکردوەتەوە، ئەوان هاوکاری تارانیان کردوە بە پێدانی کەلوپەل و پێداویستی سەربازی بە گوێرەی ئەو رێککەوتنەی هەیە لە نێوانیاندا.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، وەزیری دەرەوەی روسیا ئاماژەی بەوە کردوە، کە هێرشکردنە سەر بنکەی ئەمریکییەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرەنجامی ئەو "سەرکێشییەیە" کە بەبێ هیچ هۆکارێکی رەوا دەستیپێکردووە.
لاڤرۆڤ رەخنەی لە سیاسەتەکانی واشنتن گرتوە و ئاماژەی بەوەکردوە، کە وڵاتەکەی چەندین جار ئاماژە و پەیامی بۆ ئەمریکا ناردووە سەبارەت بە پێویستی دەستپێکردنی گفتوگۆی جدی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەی کەنداو و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام ئەو داوایانە بێ وەڵام ماونەتەوە.


