قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم بۆ کۆچی دوایی پاپا فرانسیس پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، پاپا فرانسیس رێزی لە هەموو ئاینییەکان دەگرت و دژی هەموو جۆرە دەمارگیری و توندڕەوییەکی ئایینی بوو.

دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی...

کۆچی دوایی پاپا فرانسیس نەک تەنها بۆ مەسیحییەکان و شوێنکەوتووانەکەی، بەڵکو بۆ هەموو جیهان هەواڵێکی ناخۆش بوو، بۆچوون و هەوڵە ئاشتیخوازانەکانی لای هەموو مرۆڤێکی ئاشتیخوازی جیهان بە هەر بیروباوڕێکەوە جێگەی رێز و پێزانینە.

پاپا فرانسیس رێزی لە هەموو ئاینییەکان دەگرت و دژی هەموو جۆرە دەمارگیری و توندڕەوییەکی ئایینی بوو، خوازیاری گفتوگۆی نێوان ئاینییەکان و بە تایبەتیش دوو ئایینی ئیسلام و مەسیحی بوو و بەردەوام جەختی لە چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکانی جیهان لە ڕێگەی گفتوگۆ و چەسپاندنی ئاشتی و دادپەروەری دەکردەوە.

بەم بۆنەیەوە پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی هەموو شوێنکەوتووانی لە هەموو جیهان دەکەم، هیوادارین ئاشتی و ئارامی و دادپەروەری باڵ بەسەر هەموو جیهاندا بکێشێت کە بەردەوام هەوڵی بۆ دەدا.