راکان جبوری دەستگیر کرا
سام
٢١ی نیسانی ٢٠٢٥
راکان جبوری
کەمێک پێش ئێستا، راکان جبوری پاریزگرای پێشوی کەرکوک بە وەکالەت، دەستگیرکرا.
دیلان غەفور ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە کوردسات نیوزی راگەیاند: پێشتر لیژنەیەک لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لەسەر کەیسی وەرگرتنی هاوکاری لە دەوڵەتی تورکیا بەبێ ئاگادار کردنەوە و رەزامەندی حکومەتی عیراق و دۆسیەی گەندەڵیەکانی سەرۆکی راوێژکارانی پارێزگای کەرکوک، لەسەر ڕاکان جبوری پارێزگاری پێشوی کەرکوک بە وەکالەت پێکهێندرابوو، ئەمڕۆش لەسەر ئەو دوو دۆسیەیە دەستگیرکراوە".
بەپێی زانیارییەکان، دەستگیردنەکەی راکان جبوری لەسەر داوای دەستەی دەسپاکی عیراق بوە، دوای بەدواداچونی ورد لەسەر سکاڵای نوێنەرانی کەرکوکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران.
لە راپۆرتەکەدا نوێنەرانی یەکێتی سکاڵایان دژی دەستەی دەسپاکی کەرکوکیش تۆمارکردوە، کە چاوپۆشی لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و گەندەڵییەکانی راکان جبوری کردوە.
گرنگترین ئەو بابەتانەی کە لە راپۆرتی سکاڵاکە هاتوە و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی لێ ئاگادار کراوەتەوە؛
1- هاتنی وەفدی تورکیا بەمەبەستی دابەشکردنی پێداویستی مرۆیی بێ ئەوەی مۆڵەت لە حکومەتی عیراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان وەربگیرێت.
2- بابەتی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دا.
3- وەرگرتن و دیار نەمانی نۆ ئۆتۆمبێل تایبەت بە ئەنجومەنی پارێزگا و چەندین دۆسییەی گەندەڵی دیکە و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵاتەکەی.