دەمیرتاش بۆ سری سورەیا ئۆندەر: بەهیوای زو چاکبوونەوەت کاکی ئازیز
رەوەز
١٦ی نیسانی ٢٠٢٥
دوای ئەوەی کە سڕی سورەیا ئۆندەر، ئەندامی وەفدی ئیمڕاڵی و کەسایەتی سیاسی دیاری دەمپارتی، بەهۆی جەڵتەی دڵەوە دۆخی تەندروستی تێکچوو، ژمارەیەک لە بەرپرسانی سیاسی تورکیا و هاوڕێیانی پەیامی هاوسۆزییان بۆ ناردووە.
سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشوی هەدەپە، لە پەیامێکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی کردەوە، رایگەیاند: "سەرباری ئەوەی ئۆندەر چەندین جار روبەروی هێرشی ناهەق و سوکایەتی بووەتەوە، بەڵام بە پێداگرییەوە بەردەوام بوو بۆ هێنانەدی ئاشتی". دەمیرتاش هەروەها وتی: "نزا و دڵمان لای تۆیە، خۆشمان دەوێیت کاکی ئەزیز".
هاوکات لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەمپارتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ سڕی سورەیا ئۆندەر خواست و راشیگەیاند: "باشترین پزیشکەکانی وڵات نەشتەرگەرییان بۆ ئەنجامداوە، ئێستا لە دەستێکی سەلامەت دایە."
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) پەیوەندی بە پەروین بوڵدانەوە کردووە و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ ئۆندەر خواستووە.
هاوکات، نوری ئاسڵان، سەرۆکی شارەوانی ئیستەنبوڵ بە وەکالەت، سەردانی سڕی سورەیا ئۆندەری لە نەخۆشخانە کردووە و لە لێدوانێکدا وتی: "هەموان پشتگیری خۆیان بۆ ئۆندەر راگەیاندووە کە ئەوەش جێگەی دڵخۆشییە."
شایەنی باسە، سڕی سورەیا ئۆندەر یەکێکە لە ئەندامانی کاریگەری وەفدی ئیمڕاڵی و رۆڵێکی گرنگی لە پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا هەبووە و دەبێت.