جۆ بایدن، سەرۆکی پێشوی ئەمەریکا، لە یەکەمین وتاری دوای وازهێنانی لە پۆستی سەرۆکایەتی، بە توندی رەخنەی لە ئیدارەی نوێی دۆناڵد ترەمپ گرت و هۆشداری لە زیادبونی دوبەرەکی لەناو وڵاتەکەدا دەربڕی و وتی؛ "ئەمەی رودەدات نوێیە لە ئەمریکا".

بایدن لە وتارەکەیدا رایگەیاند: "پێشتر هیچ کاتێک دابەشبونێکی لەم شێوەیەمان نەبینیوە، پەرەسەندنی بۆشایی نێوان لایەنگرانی ترەمپ و دیموکراتەکان کاریگەری زۆری لەسەر ئەمەریکا دەبێت."

سەرۆکی پێشوی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد کە ئیدارەی نوێی وڵاتەکە لە ماوەی کەمتر لە 100 رۆژدا "ماڵوێرانی و کارەساتی گەورەی لە تەواوی جیهان خوڵقاندوە."

هەروەها بایدن جەختی لەوەکردەوە کە "بەهۆی دەرکردنی نزیکەی حەوت هەزار فەرمانبەری حکومەت لە کارەکانیان بەشێکی زۆری ماڵپەڕە رەسمیەکان لە کارکەوتون". 

جۆ بایدن لە مانگی تەمموزی ساڵی رابردوودا لە کێبڕکێی سەرۆکایەتی کشایەوە، دوای ئەوەی لە دیبەیتێکی تەلەفزیۆنیدا ئاستێکی خراپی پێشکەش کرد، ئەمەش نیگەرانییەکانی ناو پارتەکەی لەبارەی تەمەن و توانای دەرونییەوە زیاتر کرد و پاشتر بە خێرایی "کامالا هاریس" لەلایەن حزبەکەوە کاندید کرا و لەسەر دەستی ترەمپ شکستی پێهێنرا.