سەرۆکی زانکۆی هارڤارد چەند بڕیارێکی حکومەتی ئەمریکای رەتکردەوە
رەوەز
١٥ی نیسانی ٢٠٢٥
دوای ئەوەی زانکۆی هارڤارد چەند داواکاریەکی حکومەتی ئەمریکای رەتکردەوە، کۆشکی سپی رایگەیاند کە زیاتر لە دوو ملیار دۆلار لە بودجەی زانکۆکە کەمدەکاتەوە و سەرۆکی زانکۆکەش دەڵێت: "ئەو سزایانە وامان لێناکەن دەستبەرداری سەربەخۆیی فکری خۆمان ببین"
حکومەتی ئەمریکا لیستێکی بۆ زانکۆی هارڤارد ناردبوو کە تیایدا داوای کردبوو دەسەڵاتی خوێندکاران و پرۆفیسۆرە کاتیەکان کەمبکاتەوە و هاوکات زانیاریان لەسەر چالاکییەکانی خوێندکاران بەتایبەت ئەوانەی کە "دوژمنانە لەگەڵ بەها ئەمریکییەکان" دەجوڵێنەوە، بۆ بنێرێت.
هەروەها دامەزراندنی دەزگایەکی حکومی بۆ پێداچوونەوە و پەسەندکردنی پرۆگرامەکانی هارڤارد "بۆ بەرەنگاربوونەوەی دژە جولەکە".
ئالان گاربەر سەرۆکی زانکۆی هارڤارد ئەمڕۆ دووشەممە لە نامەیەکدا بۆ ئەندامانی زانکۆکە رایگەیاندوە، حکومەت دەیەوێت زانکۆکە کۆنتڕۆڵبکات. وتیشی: "ئێمە لە رێگەی راوێژکارە یاساییەکانمانەوە بە حکومەتمان راگەیاندوە کە ئەو پێشنیارەی ئەوان قبوڵ ناکەین و ئەم زانکۆیە دەستبەرداری سەربەخۆیی خۆی نابێت و ئەم مافەشی لە دەستوری ئەمریکادا جێگیرکراوە.
ئالان گاربەر ئاماژەی بەوەشکرد، زانکۆی هارڤارد بەرپرسیارێتی خۆی بەرانبەر بە دژە جولەکەی بە جدی وەردەگرێت و حکومەت هەوڵدەدات دەستوەردان لە کارەکانی زانکۆکەدا بکات.