دوای ئەوەی جەزائیر فەرمانی دەرکردنی12 کارمەندی دیپلۆماسی فەڕەنسای لە وڵاتەکەیدا رایگەیاند؛ ژان نۆئێل بارۆت، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ئەمڕۆ سێشەممە هۆشداری دا کە بڕیارەکەی جەزائیر بۆ دەرکردنی دیپلۆماتکارانی فەڕەنسا "جێی داخە و بێ سزا تێناپەڕێت".

وەزارەتی دەرەوەی جەزائیر دوێنێ دووشەممە لە راگەیەندراوێکدا پشتڕاستی کردەوە کە دەوڵەت "بڕیارێکی داوە بۆ دەرکردنی 12 کارمەند کە لە باڵیۆزخانەی فەڕەنسا و نوێنەرایەتییە کونسوڵگەرییەکانی لە جەزائیر کاردەکەن و لەژێر چاودێری وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکەدان"، هەروەها رایگەیاند کە ئەو کارمەندانە پابەند کراون لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا وڵات بەجێبهێڵن.

حکومەتی جەزائیر بەرگری لە بڕیارەکەی کرد و رونی کردەوە کە ئەم هەنگاوە دوای دەستگیرکردنی "خۆنمایشانە و ناوزڕاندن" لەسەر ڕێگایەکی گشتی هاتووە کە وەزارەتی ناوخۆی فەڕەنسا لە 8ـی نیسانی 2025، دژ بە کارمەندێکی کونسوڵگەری جەزائیری ئەنجامیداوە.

لە راگەیەندراوەکەیدا، وەزارەتی دەرەوەی جەزائیر ئاماژەی بەوەش کردووە کە "ئەم کارە شەرمەزارییە، کە لەڕێگەیەوە وەزیری ناوخۆی فەڕەنسا هەوڵدەدات سوکایەتی بە جەزائیر بکات، بە بێبایەخکردنی ئاشکرای پێگەی ئەم فەرمانبەرە کونسوڵگەرییە، بەبێ ئەوەی بچوکترین رەچاوکردنی نۆرم و رێککەوتننامە دیپلۆماسییەکان و پێشێلکردنی ئاشکرای رێککەوتن و پەیماننامە پەیوەندیدارەکان ئەنجامدراوە".

لە بەرامبەردا، ژان نۆئێل بارۆت، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا رایگەیاند کە وڵاتەکەی وەڵامی گونجاو دەداتەوە و ئەم کارەی جەزائیر بەبێ وەڵام نامێنێتەوە.

شایانی باسە، ئەم بارگرژییە نوێیە دوای چەند ساڵێک لە هەوڵدانی هەردوو وڵات بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانیان دێت، بەڵام دواتر دووبارە ئاستی گرژییەکان لە نێوان هەردوو وڵات بەرزبووەتەوە.