لە دوابەدوای تەواوبوونی کۆنفڕانسە ناوچەییەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و کۆکردنەوەی راو بۆچونی هەڤاڵانی یەکێتی، د. یوسف گۆران سکرتێری لیژنەی باڵای دووەمین دیداری یەکێتی رایگەیاند، دووەمین دیداری یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە رۆژی 23ـی نیسانی 2025 بە ئامادەبونی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی لە شاری سلێمانی ئەنجام دەدرێت.

بەپێی لێدوانی د. یوسف گۆران، کۆنفڕانسەکان لە نۆ ناوچەی جیاوازی کوردستان بەڕێوەچون و زیاتر لە 12هەزار هەڤاڵی یەکێتی تێیدا بەشداریان کردووە، دوای دەیان سەعات گفتوگۆی ورد، لیژنەی باڵای دیدار بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی بڕیاری دا دیداری دووەمی یەکێتی وەک گەورەترین روداوی حیزبی و سیاسی لە کوردستان و عیراق بە ئامادەبونی میوانێکی زۆر و کەسایەتی کوردستانی و عیراقی بەڕێوە بچێت.

شایەنی باسە، ئەم دیدارە بڕیارە لە شاری سلێمانی ئەنجام بدرێت و بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان سەرپەرشتی دەکات.