هاتوچۆی کۆیە رایگەیاند، لە روداوێکی هاتوچۆدا لەسەر رێگای نێوان کۆیە- تەق تەق کەسێک گیانی لەدەستدا.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆی کۆیە رایگەیاند، روداوەکە لەسەر رێگای نێوان کۆیە بۆ تەق تەق و لە نزیک گوندی شیلە رویداوە، کە ئۆتۆمبێلێکی تایبەت لە رێرەوی خۆی دەرچووە و بەهۆیەوە وەرگەڕاوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە روداوەکەدا شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە گیانی لەدەستداوە و ئەو سەرنشینەشی لەگەڵیدا بووە بریندار بووە.

هاتوچۆی کۆیە داوا لە شۆفێران دەکات، پابەندی رێنماییەکانی هاتوچۆ و خێرایی دیاریکراوی شەقامەکان بن.

روداوەکانی هاتوچۆ بە یەکێک لە هۆکارەکانی گیانلەدەستدان و برینداربوونی سەخت یان کەمئەندامبوون دادەنرێت، کە بەدەر لە کوالێتی رێگاوبان بەشێکی بۆ تیژڕۆیی و پابەند نەبوونی شۆفێران بە رێنماییەکانی هاتوچۆ دەگەڕێتەوە.