بەمەبەستی وەڵامدانەی پرسیارەكان لەسەر لیستی موچە وەفدێكی تری وەزارەتی دارایی هەرێم لە بەغدادە
٩ی ئازاری ٢٠٢٥
بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ناو لیستی موچەی مانگی دووی فەرمانبەرانی هەرێم و وەڵامدانەوەی پرسیارەكانی بەغداد، وەفدێكی وەزارەتی دارایی هەرێم لە بەغدادە .
پەیامنێری كوردسات نیوز رایگەیاند، وەفدەكە پێكهاتوون لە بەرێوەبەری ژمێریاری وەزارەتی دارایی و بەرێوەبەری خانەنشینی و سكرتێری وەزیری دارایی و ژمارەیەك راوێژكار و فەرمانبەرانی وەزارەتەكە.
وتیشی، وەفدەكە لە بەیانییەوە گەیشتووەتە بەغداد بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەكانی وەزارەتی دارایی عیراقە سەبارەت بە كێشەكانی ناو لیستی موچە و داواكارییەكان، لەبارەی داهاتی نەوت و ناوخۆ و پێدانی زانیاری و ژمارەی بانكیی موچەخۆران.
هەرچەندە نزیكەی 10 رۆژ لە مانگی سێ تێپەڕیوە، بەڵام تاكو ئێستا وەزیری دارایی عیراق رەزامەندی لەسەر ناردنی موچەی مانگی دوو دەرنەبڕیوە، ئەوەش بەهۆی كەم و كوڕی لە لیستەكەدا، ئەوە جگە لەوەی كە لە تازەترین نوسراویشدا جەختی لەسەر ناردنی زانیاری موچەخۆران كردووەتەوە بۆ ئەوەی موچەكانیان "تەوتین" بكرێت.
پێشتریش سروە محەمەد، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە كوردسات نیوزی راگەیاندبوو، لە پەراوێزی كۆبوونەوەیەكیاندا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق، لەسەر چارەنووسی موچەی مانگی دووی هەرێم پرسیاری لە سودانی كردووە و ناوبراویش وەڵامی داوەتەوە، كە لەم هەفتەیەدا دەنێردرێت.