کەشناسیی هەرێم: هەورەتریشقە و بارانبارین لە چەند شوێنێک بەردەوام دەبێت
هەساو ئەمیر
٩ی ئازاری ٢٠٢٥
کەشناسیی هەرێم پێشبینی نوێی بۆ کەشوهەوا راگەیاند و ئاماژەی بەوەکردووە، ئەمڕۆ و سبەینێ هەورەتریشقە و بارانبارین بەردەوام دەبێت و لە سبەی ئێوارەوە کەش سەقامگیر دەبێتەوە.
کەشناسیی هەرێم رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەو ناسەقامگیریەى هەیە لەسەر کەشى بەشێک لە ناوچەکە بەردەوام دەبێت و ئاسمانى هەرێم بە گشتى نیمچەهەور دەبێت، لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان ئەگەرى نمەباران هەیە، هەروەها لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى و ئیدارەى راپەڕین و گەرمیان لە کاتەکانى دواى نیوەڕۆ ناو بە ناو بارانبارینى کورت خایەن و هەندێک کات هەورە تریشقە دەبێت .
ئاماژەی بەوەشکردووە، سبەینێ دووشەممە، ئاسمان نیمچەهەور دەبێت، بە گشتى لە دواى نیوەڕۆوە ئەگەرى بارانبارین لە زۆربەى ناوچە جیاجیاکانى هەرێم هەیە، کاریگەرى ئەم بارانە بە بوونى هەورە تریشقە و لە هەندێک ناوچەى شاخاوی لێزمەبارانى کورتخایەن دەبێت، دواتر لە شەودا کۆتاىی بە کاریگەرى ئەم شەپۆلە دێت.
کەشناسی راشیگەیاندووە، ئەمڕۆ پلەکانی گەرما هاوشێوەی دوێنێ دەبن، بەڵام سبەینێ کەمێک بەرزدەبنەوە، بەڵام لە سنووری پارێزگای دهۆک 1 بۆ 3 پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:
هەولێر: 19 پلەى سیلیزى
سلێمانى: 20 پلەى سیلیزى
دهۆک: 17 پلەى سیلیزى
زاخۆ: 18 پلەى سیلیزى
هەڵەبجە: 20 پلەى سیلیزى
کەرکوک: 22 پلەى سیلیزى
سۆران: 15 پلەى سیلیزى
حاجی ئۆمەران: 2 پلەى سیلیزى
گەرمیان: 23 پلەى سیلیزى