رۆژی یەکشەممەی داهاتوو شێروان شێروانی ئازاد دەکرێت
رەوەز
٦ی ئازاری ٢٠٢٥
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە چوار ساڵ و 5مانگ بەسەر زیندانیکردنیدا، رۆژنامەنووس شێروان شێروانی، یەکێک لە گیراوەکانی کەیسی بادینان، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو ئازاد دەکرێت.
بارزان شێروانی، برای شێروان شێروانی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردسات نیوزی راگەیاند: "بڕیارە رۆژی یەکشەممە سزای برایەکەم تەواو ببێت و دوای تێپەڕبوونی 1612 رۆژ لە زیندانی، ئازاد بکرێت".
بارزان شێروانی ئەوەشی خستەڕوو کە بەپێی بڕیاری دادگا، دەبێت رۆژی 9ـی مانگ شێروان ئازاد بکرێت و وتیشی: "تا ئێستا نازانرێت هیچ کەیسێکی تر لەسەر شێروان شێروانی دەکرێتەوە یان نا، ئێمەش چاوەڕێی چاکسازی هەولێر و دادگا دەکەین".
شایەنی باسە، شێروان شێروانی رۆژنامەنووس و یەکێک لە گیراوەکانی کەیسی بادینانە کە لە سەرەتای ساڵی 2020ـەوە لە زینداندایە.