شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: گەلی عیراق هەرگیز سەرکوتکردن و کۆمەڵکوژی قبوڵ ناکات
٥ی ئازاری ٢٠٢٥
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق لە یادی راپەڕیندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند؛ پابەندبوونی خۆمان دووپات دەکەینەوە کە جارێکی تر هیچ هاوڵاتییەکی عێراق بەدەست ستەمکارانەوە نەناڵێنێت.
دەقی پەیامەکەی :
پێنجی ئازاری ساڵی 1991، بوێری ڕووبەڕووی ستەمکاری بۆوە.
لەم ڕۆژەدا گەلی کورد دژی ڕەفتاری دڕندانەی ڕژێمی سەددام ڕاپەڕی. ئەمەش بووە شۆڕشێکی نیشتمانی لەپێناو ئازادیدا. شانبەشانی شۆڕشگێڕانی ڕاپەڕینی شەعبانییە لەباشوور، کە پەیامی میللەتی بەڕوونی دەرخست: گەلی عیراق هەرگیز چەوساندنەوە و سەرکوتکردن و کۆمەڵکوژی یان لەناوبردنی شارستانییە دێرینەکەی قبوڵ ناکات. لەو پێناوەشدا باجی قورسی دا، بەڵام بوێری گەل و ڕۆحیەتی برایەتیی هێشتا زیندووە.
ئەمڕۆ ڕێز لەو قوربانیدان و بەرگەگرتنە دەگرین، پابەندبوونی خۆمان دووپات دەکەینەوە بۆ دوا ڕۆژێک کە جارێکی تر هیچ هاوڵاتییەکی عێراق بەدەست ستەمکارانەوە نەناڵێنێت.