نرخی نوێ بۆ وانەکانی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری دیاری کرا
هەساو ئەمیر
٥ی ئازاری ٢٠٢٥
هاتوچۆی هەرێم نرخی نوێی بۆ وانەکانی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری بە هەردوو وانەی تیۆری و پراکتیکییەوە دیاری کرد.
هاتوچۆی هەرێم رایگەیاندووە، بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت مۆڵەتی شۆفێری لە جۆری B دەربکەن، کە مۆڵەتی شۆفێری ئۆتۆمبێلی تایبەت دەگرێتەوە، چەند نرخێکی دیاری کردووە، داواش لە نووسینگەکانی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری دەکات، پابەندی نرخەکە بن.
بەپێی راگەیەنراوەکە، بۆ هەر وانەیەکی تیۆری 45 خولەکی، بڕی 3 هەزار دینار لە فێرخواز وەردەگیرێت.
بۆ هەر وانەیەکی پراکتیکی یەک سەعاتیش بڕی 20 هەزار دینار لە فێرخواز وەردەگیرێت.
هاتوچۆی هەرێم راشیگەیاندووە، پێویستە سەرجەم نوسینگەکان پابەندی بڕیارەکە بن و دەشڵێت، دەبێت فێرکردن بەو میکانیزمە بێت، کە لە رێنمایی ژمارە 12ی ساڵی 2024 دیاریکراوە.
پێشتریش هاتوچۆی هەرێم رایگەیاند، سیستمی نوێ بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری دیاری کراوە و رێنماییەکانی بڵاو کردەوە. بەپێی سیستمە نوێیەکە، دەبێت فێرخوازان 21 سەعات وانەی تیۆری و 12 سەعاتیش وانەی پراکتیکی بخوێنن.