کارەبای سلێمانی رایگەیاند، نرخی یەک ئەمپێری کارەبای موەلیدە بۆ مانگی رابردوو لەنێوان 14 بۆ 15 هەزار دیناردایە. لیژنەی ئەنجومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێریش رایگەیاندووە، نرخی یەک ئەمپێر بەپێی کارکردنی کاتژمێرەکانیان، لەنێوان 14 هەزار و 500 بۆ 22 هەزار و 500 دینارە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کارەبای سلێمانی رایگەیاند، نرخی هەرکاتژمێرێکی کارکردنی کارەبای موەلیدە بە 44 دینار دیاریکراوە و بەوەش لەناو شاری سلێمانی بۆ مانگی رابردوو نرخی یەک ئەمپێر لەنێوان 14 بۆ 15 هەزار دیناردایە.

لیژنەی ئەنجومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێریش رایگەیاندووە، کارەبای موەلیدە لە هەولێر لە گەڕەکەکاندا بەشێوەی جیاواز کاردەکات، بەپێی جیاوازی کاتژمێرەکانی کارکردنیان نرخەکەی لەنێوان 14 هەزار و 500 بۆ 22 هەزار و 500 دیناردایە.

لە دهۆکیش هێشتا بە فەرمی نرخی موەلیدە دیاری نەکراوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت نرخی یەک ئەمپێر لەنێوان 19 بۆ 20 هەزار دیناردا بێت.

لە هەرێم موەلیدە ئەهلییەکان هاوشانی کارەبای نیشتمانی، کارەبا بۆ ماڵان دابین دەکەن، لە وەرزە سارد و گەرمەکانیشدا کە کارەبای نیشتمانی کەمدەبێتەوە و زۆرکات تەنها 4 سەعات لە رۆژێکدا دەدرێتە هاووڵاتیان، موەلیدە ئەهلییەکان تەواوکەری پێدانی کارەبا دەبن، بەوەش لەو مانگانەدا نرخەکەی بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات بەراورد بە مانگەکانی دیکە.