قوباد تاڵەبانی: دەبێت پرسی کورد لە تورکیا بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکرێت
محەمەد رزگار
١٨ی شوباتی ٢٠٢٥
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە ستیڤن بیتنەر، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێکی جێی بایەخی هەردوولا تاوتوێ کران.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەمڕۆ لە هەولێر بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆکوەزیران ئاماژەیدا بە سەردانی وەفدی دەم پارتی بۆ هەرێمی کوردستان و ئەو پرۆسەی لە تورکیا سەبارەت بە پرسی کورد دەستی پێ کردوە و هیوای خواست ئەمجارەیان پرسی کورد لە تورکیا بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکرێت و کۆتایی بە شەڕ و توندوتیژی بهێنرێت.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و هەمواری یاسای بودجە کرا. لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی باسی لەوەکرد کۆبوونەوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە بە شێوەیەکی باش بەڕێوەدەچن، سەبارەت بەپرسی هەناردەکردنەوەی نەوتیش وتی؛ وەفدێکی عێراقی لە هەولێرن و کۆبوونەوەکانیان ئیجابی بوون و چاوەڕێی ئەنجامی باشین.