وتەبێژی کرێملین: روسیا ئامادەیە یارمەتی ئێران بدات
رەوەز
١٨ی شوباتی ٢٠٢٥
ئاژانسی هەواڵی تاسی روسی ئەمڕۆ سێشەممە بە پشتبەستن بە دیمیتری پێسکۆڤ وتەبێژی کرێملین رایگەیاند، دەستپێکردنی دانوستانەکانی رووسیا و ئەمریکا کاریگەری لەسەر هاوکارییەکانی مۆسکۆ نابێت بۆ تاران.
پێسکۆڤ وتیشی: رووسیا ئامادەیە یارمەتی ئێران بدات، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
ئەم لێدوانە هاوکاتە لەگەڵ لێدوانێکی ئیسماعیل باقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران کە رایگەیاند، تاران بەرگری لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی دەکات و رێگە بە هیچ دەستێوەردانێک نادات لەو بارەوە.
باقایی زیادی کرد: بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بەردەوامە، و لە سێ دەیەی رابردوودا دەرکەوتووە کە سیاسەتی فشاری زۆر لەسەر ئێران کاری نەکردووە و شکستی هێناوە. وتیشی: "هەڵوێستی تاران روونە، ئێمە لەژێر فشار و هەڕەشەدا دانوستان ناکەین".