سبەینێ گەڕی یەكەمی كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی روسیا و ئەمریكا لە ریاز دەستپێدەكات، كرملنیش هۆكاری دیاریكردنی سعودیە بۆ كۆبوونەوەكە ئاشكرا دەكات.

دیمیتری پیسكۆف، وتەبێژی كرملن رایگەیاند، وڵاتی سعودیەیان دەستنیشانكردووە بۆ بەڕێوەچوونی گفتوگۆكانی ئەمریكا و روسیا لەم هەفتەیەدا، لەنێویشیاندا كۆبوونەوەی پوتن و ترەمپ بە ئامانجی كۆتاییهێنان بە كێشەكانی هەردوو وڵات و جەنگی ئۆكراین كە ماوەی سێ ساڵە بەردەوامە.

دەشڵێت، دۆناڵد ترەمپ لەمیانی پەیوەندییەكەیدا لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن لە چوارشەممەی رابردوودا، پێشنیازی سعودیەی كردووە، بەوپێیەی شوێنێكی گونجاوە بۆ هەردوو وڵات.

دووپاتیشیكردەوە، سبەینێ سێشەممە یەكەم كۆبوونەوەی مۆسكۆ و واشنتۆن بە ئامادەبوونی وەزیرانی دەرەوە لە ریاز دەستپێدەكات لەبارەی كۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆكراین و ئامادەكاری بۆ كۆبوونەوەی لوتكەی ترەمپ و پوتن.