سبەینێ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران لەگەڵ وەزیری دارایی عیراق كۆدەبێتەوە، تایبەت بە موچەی مانگی 12ـی ساڵی رابردووی موچەخۆرانی هەرێم و ناكۆكییە داراییەكانی هەولێر و بەغداد.

پەیامنێری كوردسات نیوز لە بەغداد رایگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی كێشە و گرفتە داراییەكانی نێوان هەولێر و بەغداد دەكرێت، هاوكات، پرسیار ئاڕاستەی وەزیری دارایی عیراق دەكرێت لەسەر پرسی بە بانكیكردنی موچەی هەرێم و پابەندییەكانی حكومەتی هەرێم لەوبارەیەوە، لەنێویاندا خستنەڕووی داتا و زانیاریی پێویست موچەخۆران بۆ وەزارەتی دارایی عیراق.

ئەوەشی خستەڕوو، لیژنەی دارایی و وەزیری دارایی عیراق بۆ یەكلاییكردنەوەی چارەنوسی موچەی مانگی 12ـی ساڵی رابردووی موچەخۆرانی هەرێم گفتوگۆ دەكەن. پەیامنێری كوردسات نیوز راشیگەیاند، چاوەڕوان دەكرێت لەسەر چارەنووسی موچەی مانگی 12، لیژنەی دارایی لەگەڵ وەزارەتی دارایی هەرێمیش كۆببێتەوە.