مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان سەبارەت بە رێگریکردن لە جوتیارانی کورد لە ناحیەی سەرگەڕان راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت: چارەسەری ململانێكانی زەوی و زار و موڵكداری هەرگیز بە بەكارهێنانی ناڕەوای هێز و پەلاماردانی هاوڵاتیان سەرناگرێت

دەقی راگەینراوەکە:

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان داوا لە حکومەتی ئیتحادی دەکات رێگا لە دەستتێوەردانەکانی هێزەکانی سوپا بگرێت لە کەیسی زەویزاری دێهاتەکانی کەرکوک و دەوروبەری و فەرمان بە یەکەکانی سوپای وڵات بکات پابەندی بەرپرسیارێتیی نیشتمانیی و دەستوری خۆی بێت لە دەستوەرنەدان لە گرفتە ناوخۆییەکانی ناو کۆمەڵگەی عیراقی و پێکهاتەکانی.

یەکێتیی نیشتمانیی پێی وایە  ئیشی سوپا نییە بەشێک بێت لە گرفتە ناوخۆییەکان و چارەسەری ململانێکانی زەویوزار و موڵکداریش  هەرگیز بە بەکارهێنانی ناڕەوای هێز و پەلاماردانی هاوڵاتیان سەرناگرێت و رێگا دروستەکەی چارەسەری ناکۆکی لەسەر موڵکوماڵ نییە.چونکە لایەنگیری  دامەزراوەکانی دەوڵەت ، بەتایبەتیش  سوپا کە ئەرکی پاراستنی سنوورەکانی وڵاتە ،  بۆ هەر  لایەنێک لە هەر ململانێیەکی ناوخۆییدا پێشینەیەکی  مەترسیدارە و پێشێلکردنی دەستوری وڵاتیشە، هەروەک پێشێلکردنی یاسا پەسەندکراوەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانیشە کە تازەکیی بڕیارەکانی رژێمی پێشووی بەعسی لەسەر موڵک و زەویوزاری جوتیاران هەڵوەشاندۆتەوە.

ئێمە پێمان وایە دیاردەی خۆهەڵقورتاندنی  هێزەکانی سوپای  لە کێشەی  زەویوزار لە ناوچەیەکی هەستیاری وەکو ناوچە دابڕاوەکانی کەرکوک هیچ ژینگەیەکی تەندروست بۆ بەرقەرارکردنی یاسا و دەستوور دابین ناکات، بەڵکو ئاڵۆزتریشی  دەکات. ئەرکی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی ئیئتلافیشە روونتر  ئەم بەرپرسیارێتییە نیشتمانیی و دەستورییە بگرێتە ئەستۆ و بە هیممەتتر لەسەری بێتە جواب.

مەکتەبی سیاسیی

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان