لە پێشهاتێكی نوێدا، سەرۆكی ئۆكراین رەتیدەكاتەوە رێگە بە ئەمریكا بدات وەبەرهێنان لە كانزا بەنرخەكانی وڵاتەكەیدا بكات.

ڤلۆدیمیر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراین دووپاتیكردەوە، فەرمانی بە وەزیرەكانی كردووە رێككەوتن لەگەڵ ئەمریكا ئیمزا نەكەن، بەبێ لەبەرچاوگرتنی گەرەنتی ئەمنی بۆ ئۆكراین.

زیلینسكی دووپاتیشكردەوە، ئەو رێككەوتنەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا تاوتوێیان كردووە، بەرژەوەندییەكانی كیێڤ ناپارێزێت كە خۆی دەبینێتەوە لە مافی دەستگەیشتنی ئەمریكا بەو كانزا دەگمەنانەی كە لە ئۆكراین دەدۆزرێنەوە و بۆ پیشەسازی فڕۆكەوانیی و بەرگریی و وزەی ئەتۆمی پێویستن.

سەرۆكی ئۆكراین باسی لەوەشكرد، دەبێت رێككەوتنەكە مەرجی گەرەنتی ئەمنی بۆ ئۆكراین لە شەڕی داهاتووی روسیا دابین بكات.