سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئاشكرایكرد، سەرۆك كۆماری عیراق هەمواری یاسای بودجەی ئیمزای كردووە.

ئامانج رەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، د.لەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عیراق ئیمزای لەسەر دەرچواندنی یاسای هەمواری یەكەمی یاسای بودجەی عیراق كردووە، تایبەت بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆ و رادەستكردنی داهاتی فرۆشتنی نەوتی هەناردەكراوی هەرێم بۆ خەزێنەی گشتی عیراق، بەپێی رێكارەكانی هاتووش لە بڕگەكانی هەموارەكە تایبەت بە تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت.

ئەوەش لە كاتێكدایە رۆژی دووی ئەم مانگە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەنگی لەسەر هەمواری یاسای بودجەدا، بەپێی یاساكەش هەرێمی كوردستان رۆژانە لە رێگەی كۆمپانیای سۆمۆ 400 هەزار بەرمیل نەوت لە بەندەری جیهانەوە هەناردە دەكات، تێچووی دەرهێنانی هەر بەرمیلێكیش بە 16 دۆلار دەستنیشانكرا.