وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل گەیشتنی هاوکارییەکی گەورەی سەربازی لە جۆری بۆمبی قورسی ئەمریکی بۆ وڵاتەکەی راگەیاند، دوای ئەوەی نزیکەی ساڵێک بوو بەهۆی بڕیارەکانی ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا راگیرابوو.

بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل، هاوکارییەکانی ئەمریکا هەزار و 800 بۆمب لە جۆری ئێم کەی 84ی لەخۆگرتووە، ئاماژەی بەوەشکردووە، شەوی رابردوو هاوکارییەکان لە بەندەری ئەشدۆد گەیشتوەتە ئیسرائیل، دواتر بۆمبەکان بە دەیان بارهەڵگر گواستراونەتەوە بۆ بنکە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل.

وەزارەتەکە راشیگەیاندووە، لە سەرەتای جەنگەوە تەلئەبیب زیاتر لە 76 هەزار تۆن تەقەمەنی وەرگرتووە و وەزیری بەرگری ئیسرائیلیش، پێشوازی ئەو هاوکارییانەی بە "سەرمایەیەکی گرنگ بۆ هێزی ئاسمانی و سوپای ئیسرائیل" وەسفکرد.

بۆمبی MK-84 لە وێرانکەرترین تەقەمەنی ئاسمانین، کە بۆ بە ئامانجگرتنی شوێنەکانی ژێر زەوی دروستکراون. هاتنی ئەم هاوکارییانە لە کاتێکی هەستیاردا دێت، چونکە ئیسرائیل لە چەندین بەرەدا بەرەوڕووی ئاستەنگی زیاتر دەبێتەوە، لەوانە گرژی لەگەڵ فەلەستین لە کەرتی غەززە و حزبوڵڵا لە لوبنان.