وتەبێژی كۆشكی سەرۆكایەتی روسیا رایگەیاند، ئێستا مۆسكۆ و واشنتۆن سەرنجیان لەسەر ئاشتییە نەك جەنگ.

دیمیتری پیسكۆڤ، وتەبێژی كرملن لە كورتە ڤیدیۆیەكدا پەیوەندییە تەلەفونییەكەی ڤلادیمێر پوتن سەرۆكی روسیا  و دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكای پشتڕاستكردەوە رایگەیاند، مۆسكۆ و واشنتۆن لە ئێستادا تەنها سەرنجیان لەسەر ئەوەیە كە هەموو كێشەكان لە رێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بكەن.

پێسكۆڤ ئاماژەی بەوەشكرد، یەكەمین كۆبوونەوەی نێوان پوتن و ترەمپ گرنگییەكی تایبەتی دەبێت بە لەبەرچاوگرتنی ئەو رەوشەی ئێستا جیهانی پێدا تێدەپەرێت، وتیشی، سزاكانی ڕۆژئاوا نابێتە بەربەست لەبەردەم گفتوگۆكانی نێوان روسیا و ئەمریكا چونكە دەتوانرێت بەو خێراییەی كە سەپێندران، بەهەمان شێوە هەڵیشبگیرێن.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە سەرچاوە ئاگادارەكان باس لەوەدەكەن كە روسیا و ئەمریكا لە ئامادەكاریدان بۆ كۆبوونەوەی نێوان ترەمپ و پوتن و دەوترێت كۆبوونەوەكەش لە كۆتایی ئەم مانگە لە عەرەبستانی سعودیە دەبێت.