سەرۆک بافڵ بۆ راوێژکاری ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا: فراوانکردنی هاریکاریی و هەماهەنگییە سەربازییەکان دەرفەتێکی باشە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی جموجۆڵی پاشماوەکانی داعش
محەمەد رزگار
١٥ی شوباتی ٢٠٢٥
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەر لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لە ئەڵمانیا لەگەڵ ئان کلێر، راوێژکاری ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا کۆبوووە.
لە کۆبوونەوەکەدا دواین گۆڕانکارییە سیاسییەکان لەسەر ئاستی هەرێم، عیراق و رۆژهەڵات بیروبۆچوونیان لەبارەوە ئاڵوگۆڕکرا و جەخت لە پێویستی و گرنگی هەماهەنگی و گفتوگۆ لەنێوان هەموولایەک کرایەوە لەپێناو سەقامگیریی ئەمنی و سیاسی لە ناوچەکەدا.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاسی پشتیوانییەکانی گەل و حکومەتی فەرەنسای کرد کە لە جەنگی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش هاوکاری گەلی کورد بوون و رایگەیاند، فراوانکردنی هاریکاریی و هەماهەنگییە سەربازییەکان دەرفەتێکی باشە بۆ پاراستنی ئارامی و کۆنتڕۆڵکردنی جموجۆڵی پاشماوەکانی داعش و لەو رووەوە میکانیزمی نەهێشتنی بەربەستەکانی بەردەم ئاڵنگارییە ئەمنییەکانی روونکردەوە.