ئەوروپا سەبارەت بە دانانی قەیوم هۆشداریی دەداتە توركیا
زاهیر
١٤ی شوباتی ٢٠٢٥
پەرلەمانی ئەوروپا بەهۆی دورخستنەوەی سەرۆك شارەوانییەكان لە باكوری كوردستان و توركیا هۆشداریی دەداتە ئەنكەرە و داوا دەكات سەرجەمیان بگەڕێندرێنەوە سەر ئەركەكانی خۆیان.
پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا دوای دانیشتنی ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە راگەیەنراوێكی سەبارەت بە دانانی قەیوم لە توركیا بڵاوكردەوە و هۆشداریی توندی بە ئەنكەرە دا.
لە راگەیەنراوەكەدا هاتوە: پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا بە قوڵی نیگەرانە لە بڕیارە توندەكانی حكومەتی توركیا بەرانبەر ژمارەیەك سەرۆك شارەوانیی ئەو وڵاتە، بۆیە پێویستە سەرجەم ئەو سەرۆك شارەوانیانەی بە بیانوی جیاوازەوە دوورخراونەتەوە و قەیوم لەشوێنیان دانراوە، بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان.
پەرلەمانی ئەوروپا رایگەیاندوە، هەوڵەكانی دەسەڵاتی توركیا بۆ دانانی قەیوم پێچەوانەی دەستور و بنەماكانی دیموكراسییە، بۆیە پێویستە پێداچوونەوە بۆ دەزگای دادی توركیا بكرێت، چونكە سەرەڕۆیانە بڕیاری لابردن و زیندانیكردنی بەسەر ژمارەیەك سەرۆك شارەوانیدا سەپاندوە.
حكومەتی توركیا لە ماوەی 11 مانگی رابردودا 10 سەرۆك و هاوسەرۆكی شارەوانییەكانی باكوری كوردستان و چەند شارێكی دیكەی توركیا دروخستوەتەوە و سزای زیندانیكردنیان بەسەردا سەپاندون كە زۆرینەیان كوردن.