مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، هەسەدە نوێنەرایەتی هەموو كورد لە سوریا ناكات، هەروەها پێویستە دیمەشق لەگەڵ تەواوی پارتە كوردییەكان بكەوێتە گفتوگۆ.

مەسرور بارزانی لەمیانی چاوپێكکەوتنێكی لەگەڵ كەناڵی ئەل عەرەبییە لەبەر ڕۆشنایی پێشهاتە نوێیەكانی سوریا باسی لەوەكردووە، هێزەكانی سوریای دیموكرات نوێنەرایەتی هەموو كورد لە سوریا ناكەن.

وتیشی، هەسەدە نوێنەرایەتی بەشێك لە كورد دەكات و ئاگاداری گفتوگۆی نێوان ئەوان و  دیمەشق نییە، دەشڵێت؛ پێویستە دیمەشق لەگەڵ تەواوی پارتە كوردییەكان بكەوێتە گفتوگۆ، نەوەك تەنیا هێزەكانی سوریای دیموكرات.

ئەوەش لەكاتێكدایە، سەرۆكایەتی سوریا ئەو هەواڵەی رەتكردەوە كە گوایە دانوستانەكان لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات كۆتایی هاتووە.