حەماس: ئیسرائیل رۆژی شەممە 369 زیندانیكراوی فەلەستین ئازاد دەكات
کەژان
١٤ی شوباتی ٢٠٢٥
حەماس رایگەیاند، چاوەڕێن رۆژی شەممە ئیسرائیل زیاتر لە 360 زیندانیكراوی فەلەستین لەبەرانبەر سێ بارمتە ئازاد بكات.
فەرمانگەی راگەیاندنی زیندانییەكانی فەلەستین بڵاویكردەوە، بەپێی رێكکەوتنی ئاگربەستی غەززە، چاوەڕێن ئیسرائیل رۆژی شەممە 36 زیندانیكراوی فەلەستینی كە بە زیندانی هەتاهەتایی سزادراون ئازاد دەكات، لەگەڵ 333 زیندانی كەرتی غەززە كە لەدوای 7 ی ئۆكتۆبەرەوە دەستبەسەر كراون ئازاد دەكرێن.
ئەمەش دوای ئەوە هات كە حەماس ناوی ئەو بارمتە ئیسرائیلیانەی ئاشكراكرد كە رۆژی شەممە لە چوارچێوەی رێككەوتنی ئاگربەستەكەدا ئازادیان دەكات.
ئەبو عوبێدە وتەبێژ بەناوی بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، رۆژی شەممە هەریەكە لە ساگی دەكڵ چێن و یایر هۆرن هاووڵاتی ئیسرائیلی و ئەلێكساندەر توربانۆڤی روسی-ئیسڕائیلی ئازاد دەكەن.
پێشتر بەرپرسێكی ئیسرائیل رایانگەیاندبوو، ئەگەر حەماس رۆژی شەممە ئەو سێ بارمتە ئازاد بكات وەك ئەوەی لە رێككەوتنەكەدا بەڵێنی داوە، ئەوا تەلئەبیبیش ناگەڕێتەوە بۆ شەڕ و بەردەوامیش دەبێت لەسەر جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە.