ئامادەكارییەكان بۆ دەستپێكردنی دووەمین دیداری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەردەوامە و بڕیارە رۆژی شەممە لە نەینەواوە كۆنفرانسەكانی دیدارەكە دەستپێبكات. 

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئامادەكارییەكانی بۆ دەستپێكردنی دووهەمین دیداری خۆی بەسەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی بەردەوامە و لیژنەی باڵای دیدار بەسەرپەرشتی د. یوسف گۆران، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆبووەوە و گفتوگۆی لەبارەی چەند پرسێكی تایبەت بە دەستپێكردنی كارەكانی دووهەمین دیدار كرد.

لە كۆبوونەوەكەدا ئامادەكارییەكانی یەكەم كۆنفڕاسی دووهەمین دیداری یەكێتی خرایەڕوو كە بڕیارە رۆژی شەممە 15ی شوبات لە پارێزگای نەینەواوە دەستپێبكات.

پاش هەڵسەنگاندن و گفتوگۆكردن لەبارەی كۆی بابەتەكانی یەكەمین كۆنفڕانس، رۆڵ و ئەركی ئەندامانی لیژنەی باڵا دیاری كرا. بەمەبەستی سەرپێخستنی تەواوی كارەكانی دیدارەكە، لیژنەكە بڕیاریدا پاش نەینەوا، دووهەمین كۆنفراس لە دەڤەری بادینان ئەنجامبدرێت.

یەكەم دیداری یەكێتی بەسەرپەرشتی قوباد تاڵەبانی لە مانگی ئاداری 2022 دەستپێكرد و لە مانگی ئایار كۆتایی هات و سیاسەتەكانی یەكێتی لە بوارە جیاجیاكاندا دارێژرا و بووە بنەمایەك بۆ سیاسەتی گشتی یەكێتی.