پێنج کەس بە تۆمەتی دزینی ژمارەیەکی زۆر شوێنەوار دەستگیرکران
رەوەز
١٣ی شوباتی ٢٠٢٥
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش بڵاویکردەوە بە هاوکاری کۆماندۆی کوردستان، 5 تۆمەتباریان بە تۆمەتی دزینی 1444 شوێنەوار، لە شارەزوور دەستگیر کردووە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ لەماوەی دوومانگی ڕابردوودا، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شارەزوور، دوای چاودێریکردن و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە، لە دووچالاکی جیاوازدا لەپارێزگای هەڵەبجە و قەزای سەیدسادق، توانیان 5 تۆمەتباری شوێنەوار دەستگیربکەن.
ئاماژە بەوەش کراوە، لەچالاکی یەکەمدا، هێزەکانی ئاسایش بەهاوکاری کۆماندۆی کوردستان توانیان دەست بەسەر 1444 سکەی جۆراوجۆری شوێنەواردابگرن.
لەچالاکی دووەمدا، هێزەکانی ئاسایش توانیان دەستبگرن بەسەر سێ ئامێری پشکنینی ناوچە شوێنەوارییەکان و تۆمەتباران بەماددەی 24ـی شوێنەوار دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.